سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیلی؛ مانگانه 75 هه‌زار دۆلار یارمه‌تی ماڵی ده‌درێ به‌پژاك
رێنێسانس نیوز؛ سه‌رۆکی ناوه‌ندی ڵێکۆڵێنه‌وه‌ی ستراتێژی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست "یۆسی ملمان" ئاماژه به‌وه ده‌کات، که له شه‌ش مانگی رابردودا، ئه‌مریکا وئیسرائیل پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شێان ئاماده‌کردوه بۆ هاوکاری ماڵی و لۆجستێکی له رووی چه‌ک و په‌روه‌رده‌ی شه‌ڕڤانانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، که له‌و ماوه‌یه‌دا ئۆپه‌راسێۆنه‌کانی له سه‌ر سنوورکانی ئێران و له ناوخۆی ئێران زیادی کردووه و ده‌ڵێ ئه‌و هێرشانه زیاتر بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی و کردنه‌وه‌ی ده‌رگای تازه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له ناوخۆی ئێران ده‌ست به چالاکی بکه‌ن له ڕێگای که‌مینه‌کانی تر وه‌کو عه‌ره‌به‌کان و ئازه‌ری و به‌لووچه‌کانه‌وه.
به‌پێی تازه‌ترین راپۆرتی گۆڤاری "هه‌ڵبون" چاپی باشوری كوردستان، له‌و چوارچێوه‌دا پێوه‌ندی پێنتاگۆن و یارمه‌تی نهێنی ئیسرائیل بۆ ئۆپۆزێسێۆنه‌کانی ئێران به‌تایبه‌ت کورد، که‌وتۆته واری پراکتێکه‌وه. قۆناغی یه‌که‌می ئه‌و پرۆژه‌یه به ئۆپه‌راسێونی چه‌کداری له سه‌ر سنووره‌کان ده‌ستی پێکردوه، له‌و ماوه‌یه‌دا پژاک زۆرترین هێرشی ئه‌نجامداوه له ناوخۆی ئێران و له سه‌ر سنووره‌کان ،به پێ دوا ئاماری شه‌ڕو پێکدادانه‌کانی نێوان پژاک و سوپای پاسداران، نزیک به 300 سه‌رباز و 50 شه‌ڕڤانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کوژراون.
هه‌مان سه‌رچاوه له سه‌نته‌ری ڵێکۆڵێنه‌وه‌ی ستراتێژی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که باره‌گای سه‌ره‌کی له ئۆرشلێم پایته‌ختی ئیسرائیله، له به‌شێکی تردا باس له‌و یارمه‌تییه ده‌کات که مانگانه ئیسرائیل ده‌یداته پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (عه‌بدولره‌حمان حاجی ئه‌حمه‌دی) له ئۆگه‌ستی 2007، سه‌ردانی واشنتۆن دی.سی کرد بۆ ده‌ستخستنی یارمه‌تی زۆرتر و ئاشکرای ئه‌مریکا له هه‌ردوو رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵام دواتر ئاشکرای کرد که چه‌ند پێوه‌ندییه‌کی سنوورداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی واشنتۆن دروست کردووه، به‌ڵام به پێی هه‌مان سه‌رچاوه سه‌رۆکی پژاک له واشنتۆن له‌گه‌ڵ لۆبی جوله‌كه له ئه‌مریکا چاوپێکه‌وتنی ئه‌نجامداوه، ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ش زیاتر له‌سه‌ر مژاری هاوکاری ماڵی و لۆجستێکی بووه، که دوای ره‌زامه‌ندی به‌رپرسانی ئیسرائیل سه‌رۆکی پژاک سه‌ردانی ئیسرائیلی کردووه، بۆ کردنه‌وه‌ی باره‌گایه‌کی تایبه‌ت بۆ په‌روه‌رده‌ی گه‌ریلاکانی پژاک له رووی فێربوونی چه‌کی مۆدێرن و تکنولۆژیای پێشکه‌وتوی که‌لووپه‌ڵی عه‌سکه‌ری، یارمه‌تی ماڵی بۆ پژاک که مانگانه نزیک به( 75هه‌زار دۆلاره)، له ده‌ره‌وه ئه‌و بڕه پاره‌یه بوودجه‌یه‌کی تایبه‌تیش بۆ کردنه‌وه‌ی چه‌ند کاناڵی ڕاگه‌یاندنی ئه‌وحێزبه ئاماده‌کراوه که تا ئێستا ته‌نیا کاناڵێکی تێ‌ڤی تایبه‌ت به پژاک به ناوی (نه‌ورۆز) ده‌ستی به وه‌شانکردوه، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی کادیرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بۆ ئه‌وروپا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. په‌روه‌رده‌کردنی کادێری تایبه‌ت بۆ کاری هه‌واڵگری له ناوخۆی ئێران، به ئامێری سێخۆری پێشکه‌وتوو، که چه‌ند مانگ به‌ر له ئێستا ئه‌ندامێکی ئه‌و پارته له تاران به کۆمه‌ڵێک ئامێری سێخۆۆییه‌وه که تایبه‌ت بوون به ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (موساد) قۆڵبه‌ستکراوه.
سیمۆر هێرشی رۆژنامه‌نووس له "زه‌نیویۆرکه‌ر"،پشتگیری ئه‌م بۆچوونه‌ی کرد، که سوپای ئه‌مریکا و ئیسرائیلییه‌کان هاوکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ده‌که‌ن له رووی ماددی و لۆجستێکی، راهێنانیان پێ ده‌که‌ن و زانیاری‌یان ده‌ده‌نی له‌سه‌ر ئامانجه‌کانیان، به مه‌به‌ستی دروستکردنی گوشاری ناوخۆیی له‌سه‌ر ئێران، له‌و چوارچێوه‌دا ئیسرائیل له‌به‌ر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیا به شێوه‌یه‌کی زۆر نه‌هێنی و له ڕێگای ئه‌مریکا که ئێستا له عێراقدایه هاوکارییان ده‌کات.
له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتوه؛ ئه‌وه له حالێکدایه که ماوه‌یه‌که پژاک ئۆپه‌راسێونه‌کانی له‌سه‌ر سنوور ڕاگرتووه، و زۆربه‌ی کادیرانی خۆی بۆ په‌روه‌رده‌کردن له ڕێگای چه‌ند وڵاتی عه‌ره‌بی وه‌ک ئیمارات ،عه‌ممان و قه‌تر و سعودیا ده‌ربازی ئۆرشه‌لێم ده‌کات.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه كۆماری ئیسلامی ئێرانیش حزبی ناوبراو به‌وه تاوانبار ده‌كات كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه یارمه‌تی ده‌درێت به‌ڵام پژاک له‌چه‌ندین هه‌ڵوێستی جیاجیادا ئه‌و چه‌شنه په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌تكردۆته‌وه
