ڕاهێنەری ئەرجەنتینی مارسێلۆ بێلسا، لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای چوونەدەرەوەی پێشوەختی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالی ٢٠٢٦ سازی کرد، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئۆروگوای ڕاگەیاند و خەمباریی قووڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەو شێوازەی کە ئەزموونەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا پێی کۆتایی هات.

بێلسا گوتی: "بۆ من ڕوونە کە ئەم کۆتاییە زۆر بەئازارە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئومێدە گەورانەی کە هەمبوو کاتێک سەرپەرشتی ئەم پڕۆژەیەم گرتەئەستۆ، هەروەها بەهۆی ئەو شێوازە خراپەی کە کارەکەی پێ کۆتایی هات".

ئەم ڕاهێنەرە بەئەزموونە جەختی کردەوە کە هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکات بەرامبەر بە یاریزانان، دەستەی ڕاهێنەران و هەموو ئەو کەسانەی بەشداربوون لەم پڕۆژەیەدا، و گوتیشی: "من هانم دابوو کە خەڵکێکی زۆر هەوڵێکی بێئەندازە بدەن، بەتایبەتی یاریزانەکان کە توانایەکی سەرنجڕاکێشیان لە قوربانیدان و کارکردندا نیشاندا". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکەی پەیوەندی بە ناوبانگی کەسیی خۆیەوە نییە، بەڵکو بەو پەیوەندییەوە هەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ یاریزانەکانیدا دروستی کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، بێلسا بە توندی هەبوونی هەر ناکۆکییەکی لەگەڵ فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست ڕەتکردەوە و گوتی: "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ڤاڵڤێردی نەبووە. من سازشم بۆ هیچ یاریزانێک نەکردووە بەو پێیەی بۆ ڤاڵڤێردیم کردووە، چونکە ئەو شایستەی ئەوە بوو". جەختیشی کردەوە کە کاپتنەکەی ڕیال مەدرید هەمیشە نموونەیەک بووە لە پابەندبوون و بەخشین لە ناو هەڵبژاردەکەدا.

بێلسا هەروەها زانیاری کاریگەری سەبارەت بە فێرناندۆ موسلێرای گۆڵپارێز لە کاتی یارییەکەیاندا لە بەرامبەر ئیسپانیا ئاشکرا کرد و ڕوونی کردەوە کە ڕۆژێک پێش یارییەکە گۆڵپارێزەکە تای هەبووە و پلەی گەرمی گەیشتووەتە ٣٨.١ پلە، بەڵام ڕۆژی یارییەکە چاک بووەتەوە و هیچ نیشانەیەکی پێوە دیار نەبووە و ئامادەی یارییەکە بووە. گوتیشی: "لە نێوان دوو گێمەکەدا، موسلێرا پێی گوتم کە زۆر دڵگرانە بەو هەڵەیەی کە ئەنجامی داوە، بە جۆرێک کە پێی باشترە یاری نەکات، چونکە هێشتا هیوای هەڵبژاردەکە مابوو، و خۆی بە تەواوی ئامادە نەدەبینی بۆ ئەنجامدانی گێمی دووەم".

بێلسا لە کۆتایی قسەکانیدا ستایشی گەورەی هەڵوێستی ئەم گۆڵپارێزە بەئەزموونەی کرد و گوتی: "پێم وایە ئەم ڕەفتارە نیشانەی دڵسۆزی و بەخشندەییەکی زۆر بوو، کە ئەمەش شتێکی دەگمەنە لە تۆپی پێی سەردەمدا".