هەڵبژاردەی بەڕازیل پێش دەستپێکردنی یارییەکانی قۆناغی ١٦ی مۆندیالی ٢٠٢٦ تووشی گورزێکی بەهێز بوو، دوای ئەوەی دڵنیاکرایەوە کە لوکاس باکێتای یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدار نابێت.
باکێتا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ژاپۆن لە قۆناغی ٣٢، کە بە سەرکوتنی بەڕازیل کۆتایی هات، تووشی پێکان ببوو لە ماسولکەی پشتەوەی ڕانی، پێش ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان نەیاری ئامادەیی ئەو بۆ ئەنجامدانی یاری قۆناغی ١٦ پشتڕاست بکەنەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "یاریزان لوکاس باکێتا پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە، کە تێیدا دڵنیاکرایەوە تووشی پێکان بووە لە ماسولکەی پشتەوەی ڕانی چەپیدا. یاریزانەکە لەژێر سەرپەرشتی دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەی بەڕازیلدا دەخرێتە سەر پڕۆگرامێکی چڕی چارەسەرکردن، بەمەبەستی خێراکردنی چاکبوونەوەی و گەڕانەوەی بۆ یاریکردن لە زووترین کاتدا".
پێکانەکەی باکێتا زیانێکی بەرچاوە بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە لە هێڵی ناوەڕاستدا دەیگێڕێت، لە کاتێکدا بڕیارە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەدا بمێنێتەوە بەو هیوایەی لە زووترین کاتدا لە پێکانەکەی چاک ببێتەوە.
بەپێی چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، باکێتا لانی کەم پێویستی بە ٤ هەفتە دەبێت بۆ چاکبوونەوە لەم پێکانە، لە کاتێکدا یاریزانەکە هیوادارە لە ئەگەری سەرکوتنی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ یاری کۆتایی مۆندیال، بتوانێت بەشداری بکات.
