بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەتلەتیکۆ مەدرید بە لێدوانی نوێوە بەرشەلۆنە تووشی سەرسوڕمان دەکات
میگێل ئەنخێل خیل مارین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، دووبارە جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی هێرشبەری ئەرجەنتینی خولیان ئالڤارێز بۆ فڕۆشتن نییە، لە سایەی بەردەوامیی گرنگیدانی بەرشەلۆنە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی ئێستادا.
مارین لە لێدوانێکیدا وتی: "ئەتلەتیکۆ، وەک هەموو یانە گەورەکان، لەسەر یاریزانە گەورەکان دروست دەکرێت، من بڕوای تەواوم هەیە خولیان یەکێکە لەوان، جگە لەوەی پیشەگەرێکی ناوازەیە. پێویستە بە بەهاکانی خۆمان ڕکابەری بکەین، لەگەڵ یاریزانانی ئەکادیمیای یانەکە و باشترین ئەو یاریزانانەی دەتوانین لە دەرەوە بیانهێنین."
"ڕێگە بە یانەکانی تر و میدیاکانیان نادەین بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە دەبێت چی بکەین، یان ستراتیژی وەرزشیمان دیاری بکەن..."
ئەو زیاتر وتی: "هاوکاریی خولیان دەکەین و بەردەوام دەبین لە گرنگیدان پێی تاوەکو دەتوانێت سەرجەم تواناکانی پێشکەش بکات، چونکە پێویستمان پێیەتی بۆ بەردەوامبوون لە ڕکابەریکردنی یانە گەورەکانی ئەوروپا."
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی دەورەبەری داهاتووی یاریزانەکە وتیشی: "پێویستە تێبگەین کە خولیان لە مانگەکانی دواییدا بە باشترین ڕاوێژکاران دەورە نەدرابوو سەبارەت بە کاروانی پیشەگەریی خۆی. ڕێگە بە یانەکانی تر و میدیاکانیان نادەین بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە دەبێت چی بکەین، یان ستراتیژی وەرزشیمان دیاری بکەن یان ڕێزمان کەم بکەنەوە."
خولیان ئالڤارێز نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر ئارەزووی خۆی بۆ بەجێهێشتنی ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕاگەیاندبوو، دووپاتی کردبووەوە کە ڕۆشتن باشترین بژارە دەبێت بۆ هەمووان، هەروەها ئاماژەی بە ئارەزووی خۆی کردبوو بۆ هاتنەدی خەونەکەی بە گواستنەوەی بۆ بەرشەلۆنە.
