بەهۆی لێدوانێکی هەستیارەوە.. کۆمپانیا چینییەکان کۆتایی بە هاوکارییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ مباپێ دەهێنن
چەندین کۆمپانیای چینی کۆتاییان بە هاوکارییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ کیلیان مباپێ، ئەستێرەی ڕیاڵ مەدرید هێنا، دوای لێدوانەکانی سەبارەت بە وێنە گەڵتەجاڕییەکان (میمز) کە ڕووخساری ئەویان لەگەڵ ڕابەری پێشووی چین ماو تسی تۆنگ بەراورد دەکرد، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆڕتیڤۆ"ی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە.
گرووپی "دۆنگبینگ" بۆ خواردمەنیاکان، لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بەرهەمەکانی شیرەمەنی "منجنیو" و "میڵکگراوند"، کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەم یاریزانە فەرەنسییە ڕاگەیاند. کۆمپانیای "دۆنگبینگ" لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیای چینی "وەیبۆ"وە دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ مباپێ دەستبەجێ کۆتایی پێهێناوە، بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەفتارانەی کە ئازاری هەستی نیشتمانی دەدەن.
"مباپێ لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی: زیاتر لە هەموو وێنەیەک ئەوە پێکەنیمی دەهێنێت کە ڕووخساری منیان خستووەتە سەر وێنەی دیکتاتۆرێکی چینی..."
ئەم بڕیارانە دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی مباپێ هات لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا کە تێیدا پرسیاری لێکرا دەربارەی وێنە گەڵتەجاڕییە دڵخوازەکەی، لە وەڵامدا وتبووی: "ئەو وێنەیەی زیاتر لە هەموویان پێکەنینی هێنام ئەوەیە کە ڕووخساری منیان خستووەتە سەر وێنەی دیکتاتۆرێکی چینی، زۆر جار لەگەڵ هاوڕێکانم بەکاری دەهێنین." یاریزانەکە بە ڕوونی ناوی هیچ ڕابەرێکی نەهێنابوو، لە کاتێکدا وێنەیەکی گەڵتەجاڕی بڵاوبووەتەوە کە ڕووخساری مباپێ خرابووە سەر وێنەی ماو تسی تۆنگ.
ڕۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕیکلامەکانی خوارنەوەی "بۆ شوی لا" کە مباپێ ڕیکلامی بۆ دەکردن، لە مانگەکانی ڕابردوودا بەڕێژەیەکی زۆر لە شارەکانی چیندا بەدی دەکران بەتایبەت لە کاتی جامی جیهانیی ٢٠٢٦دا.
ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کێشەدێن کە لەم دواییانەدا بەر یانە ئیسپانییەکان کەوتوون لە چین؛ لە مانگی سێپتێمبەردا ڕیاڵ مەدرید ڕووبەڕووی ڕەخنەی میدیایی بووەوە بەهۆی پۆستێک دەربارەی نیپاڵ و هەرێمی تبەت، لە کاتێکدا بەرشەلۆنە لە مانگی نیساندا داوای لێبوردنی کرد دوای دەرکەوتنی ئاڵای تایوان لە لاپەڕەیەکی پەیوەندیدار بە ئەکادیمیا نێودەوڵەتییەکەی.
