فەرمی.. ڕیاڵ مەدرید پێکانی ئاندریک ڕادەگەیەنێت
یانەی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند کە هێرشبەرە برەزیلییەکەی ئاندریک تووشی پێکانێکی ماسولکەیی لە ماسولکەی نزیککەرەوەی ڕانی چەپیدا بووە، دوای ئەو پشکنینە پزیشکییانەی کە ڕۆژی دووشەممە لە ژێر چاودێریی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی یانە شاهانەکەدا بۆی ئەنجامدران.
ڕیاڵ مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕوونی کردەوە کە پشکنینەکان سەلماندوویانە ئاندریک تووشی پێکان بووە لەسەر ئاستی ماسولکەی نزیککەرەوە لە قاچی چەپیدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی تەندروستی لە ژێر هەڵسەنگاندن و چاودێری بەردەوامدا دەمێنێتەوە لە ماوەی داهاتوودا، بەبێ ئاشکراکردنی ماوەی پێشبینیکراوی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان.
"ڕیاڵ مەدرید پێکانی ئاندریکی لە ماسولکەی قاچی چەپیدا فەرمی کردەوە، و پێشبینییەکان ئاماژە بە دوورکەوتنەوەی بۆ چەند هەفتەیەک دەکەن..."
هێرشبەرە برەزیلییەکە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وەک یاریزانی یەدەگ بەشداریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ کردبوو، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی سێزدەیەمی خولی ئیسپانیا (لالیگا)، کە یارییەکە بە سەرکەوتنی یانە شاهانەکە بە ئەنجامی ٢-١ کۆتایی هاتبوو.
سەرەڕای ئەوەی یانەکە بە فەرمی کاتی گەڕانەوەی یاریزانەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە ئەگەری دوورکەوتنەوەی بۆ چەند هەفتەیەک دەکەن بە مەبەستی چاکبوونەوە لە پێکانەکە و بەدەستهێنانەوەی ئامادەیی جەستەیی.
